زانکۆی کوردستان، بە چەسپاندنی پێگەی خۆی لە پۆلێنبەندیی جیهانیی خوێندنی باڵای تایمز (THE) بۆ ساڵی ٢٠٢٦، جارێکی دیکە لە ڕیزی زانکۆ پێشەنگەکانی جیهاندا جێی گرت. ئەم سەرکەوتنە هاوکات بووە لەگەڵ گەشەیەکی بەرچاو لە پێوەرە سەرەکییەکانی کوالێتیی توێژینەوە، پەیوەندی لەگەڵ کەرتی پیشەسازی و دیدگای نێودەوڵەتی.
چەسپاندنی پێگە و داهاتوویەکی گەش بۆ زانکۆی کوردستان لە پۆلێنبەندیی جیهانیی تایمزی ٢٠٢٦

بەپێی ڕاگەیاندنی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، بەپێی نوێترین ئەنجامە ڕاگەیەندراوەکانی سیستەمی پۆلێنبەندیی باوەڕپێکراوی «تایمز» بۆ ساڵی ٢٠٢٦، زانکۆی کوردستان بە بەدەستهێنانی پلەی گشتیی ١٢٠١-١٥٠٠، پێگەی خۆی لەنێو زانکۆ پێشەنگەکانی جیهاندا چەسپاند.
ئەم پۆلێنبەندییە، کە زانکۆکان لەسەر بنەمای پێنج پێوەری سەرەکی هەڵدەسەنگێنێت، نیشاندەری ڕەوتی گەشەسەندن و داهاتوویەکی گەشی زانکۆی کوردستانە:
-
کوالێتیی توێژینەوە (Research Quality): پێشکەوتنی بەرچاو
-
پەیوەندی لەگەڵ پیشەسازی (Industry): پێشکەوتنی بەرچاو
-
دیدگای نێودەوڵەتی (International Outlook): پێشکەوتنی بەرچاو
-
ژینگەی توێژینەوە (Research Environment): ڕەوتی بەرەو باشبوون
-
فێرکردن (Teaching): ڕەوتی بەرەو باشبوون
گەشەی بەرچاو لە سێ پێوەری سەرەکی و باشتربوون لە دوو پێوەری دیکەدا، مژدەی بەردەوامیی پێشکەوتن و بەرزبوونەوەی پێگەی زانکۆ لە ساڵانی داهاتوودا دەدات. ئەم سەرکەوتنە، کە بەرهەمی هەوڵی بەکۆمەڵی ئەندامانی دەستەی زانستی، توێژەران، خوێندکاران و کارمەندانی زانکۆیە، نیشاندەری کاریگەریی سیاسەتە ستراتیژییەکانی زانکۆیە لە ئاراستەی بەرزکردنەوەی کوالێتی، بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ پیشەسازی و فراوانکردنی هاریکارییە نێودەوڵەتییەکان.
جێی باسە، بە بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە، گەڕانەوەی زانکۆ بۆ پلەی خوار ١٠٠٠ لەم پۆلێنبەندییە جیهانییەدا، زۆر ئەگەری هەیە.