پاڵەوانێتیی پاولیفتینگی کوڕانی زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ئێران، ئەمڕۆ بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لە هۆڵی وەرزشیی ژمارە یەکی زانکۆی کوردستان لە سنە دەستی پێ کرد.
دەستپێکردنی پاڵەوانێتیی پاولیفتینگی زانکۆکانی ئێران لە زانکۆی کوردستان
بە پێی ڕاگەیاندنی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، دکتۆر فەرزاد پارسا، جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشبڕکێکاندا ڕایگەیاند: «زانکۆی کوردستان وەک میواندار و بەرپرسی ئەم خولەی پاڵەوانێتییەکە، بۆ ماوەی زیاتر لە چوار مانگە ئامادەکاری و پلاندانانی پێویستی بە وردی و جددییەتەوە ئەنجام داوە، تاوەکو ئەم ڕووداوە وەرزشییە لە بەرزترین ئاستی کوالێتیدا بەڕێوە بچێت.»
لە درێژەدا، محەممەد ئاقایی، سەرۆکی کۆمەڵەی پاولیفتینگی زانکۆکانی ئێران و سەرپەرشتیاری تەکنیکیی پێشبڕکێکان، هەواڵی بەشداریکردنی زیاتر لە ٢٧ زانکۆ و ١٠٠ وەرزشکاری لەم خولەدا ڕاگەیاند و گوتی: «پێشبڕکێکان لە دوو بواری پاولیفتینگ و پرێسی سنگدا و لە هەشت کێشی جیاوازدا بەڕێوە دەچن. هەر وەرزشکارێک دەتوانێت لە یەکێک لەم دوو بوارەدا بەشداری بکات و خشتەی پێشبڕکێکان بە شێوەیەک داڕێژراوە کە چوار کێش ئەمڕۆ و چوار کێشی دیکە سبەی ڕکابەری دەکەن.»
ناوبراو زیادی کرد: «دوای کۆتاییهاتنی ڕکابەرییەکانی هەر بەشێک، ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵات و مەدالیاکان بەڕێوە دەچێت.»
